بەوێنە .. هونەرمەندێکی دیار لە بەرهەژاری دەکەوێتە سەر شەقام

 
هونەرمەند و نوسەر نازم دڵبەند بەهۆی نەبوونییەوە بەتەمەنی ٦٣ ساڵییەوە دەکەوێتە سەر شەقام.

نازم دڵبەند کە وتەبێژی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە نوسینێکیدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت "من روو لە نێچیرڤان و قوباد ناکەم، چونکە ئەوانە گوێ لە کەس ناگرن، من ئەو هاوارەم بۆ دۆست و کەسە خەمخۆرەکانی خۆم و عەشیرەتەکەی خۆمە، چونکە من دڵنیام ئەوان ئاوڕێک لەو ماڵوێرانی و بێدەرامەتی من دەدەنەوە وەکو شاعیر و هونەرمەند و نوسەر کە ٤٠ ساڵە دەنوسم و ئەوەی هەمبوە پێشکەشی ئەو گەلەی خۆمم کردوە".

ئەو هونەرمەندە نووسیوویەتی " رۆژێ لە رۆژان نەمزانیوە (موحتاجی) چیە، کەچی ئەم سەردەمە وایکرد لە شوقەیەک بژیم و نەشتوانم کرێی مانگانە بدەم، چونکە نە (مەعاش) ماوە و نە هیچ واریداتێکم هەیە، ئەوەتا ئەمڕۆ خاوەنی شوقە هاتووەتە سەرم و هەڕەشەی دەرکردنم لێدەکات، ئەگەر کرێ نەدەم دەرمدەکات و بەو تەمەنی ٦٣ ساڵییەوە دەکەومە سەرجادە.

لە کۆتایشدا دەڵێت: "لەو حکومەتە ناپاڕێمەوە خێرم پێبکا تەنها (مەعاشەکەی) خۆم دەوێت تا کرێی شوقەکەمی پێبدەم و مانگانە پێی بژیم، (تف) لەو قەڵەمەی کە چەند ساڵە پێی دەنوسم، (تف) لەو بەرنامە تەلەفزیۆنانەی کە هونەرمەندانی کوردم بە بینەران ناساند، چونکە ئەو حکومەتەی (نێچیرڤان و قوباد تاڵەبانی) رێزیان لێنەگرت من ئێستا بەعومری ٦٣ ساڵییەوە دەکەومە سەر جادە،چونکە شوێنی حەوانەوەم نەما".



AM:11:17:30/12/2017