سەڵاحەدین بەهادین داوادەكات یەكگرتووەكان یەكگرتووەكان خۆیان بەدوور بگرن لە وەنكۆین

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی "بتكۆین و وەنكۆین" بڵاوكردەوە و داوا دەكات "ئەندامانی یەكگرتوو خۆیان بەم كاسبیە وەهمییەوە خەریك نەكەن".

لە روونكردنەوەكەدا كە وێنەیەكی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەبارەی "بتكۆین و وەنكۆین"ەوە رایگەیاندووە "كەسی موسڵمانی پابەند بە رزقی حەڵاڵ خۆی بەدوور ئەگرێ لە شتی وا گوماناوی".

سەڵاحەدین بەهادین، ئاماژەی بەوەشكردووە "تەوسییە ئەكەین كە ئەندامانی یەكگرتوو خۆیان بەم كاسبییە وەهمییەوە خەریك نەكەن و پارەی حەڵاڵی خۆیان با كەمیش بێ، لەو زۆرە خەیاڵییە باشترە".

دەقی روونكردنەوەكەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:

ماوەیەكە گفتوگۆ لەسەر بابەتی (بتكۆین) و (وەنكۆین) دەكرێت، كە گوایە كاسپییەكە لەناو یەكگرتووەكاندا رەواجی پێ دەدرێت و یەكگرتووی لە پشتەوەیە، بۆ بەرچاو روونی و ئاگاداری هەموو لایەك دەڵێین:
 
1- لایەنی فیقهی و یاساییەكەی بەجێ دەهێڵم بۆ زانایانی شارەزا، كە فتوای ئاشكرایان لەسەر داوەو، بە كارێكی ناروون و شوبهەو بێ رەسید و بێ زەمانەت ئەیناسێنن و، كەسی موسڵمانی پابەند بە رزقی حەڵاڵ خۆی بەدوور ئەگرێ لە شتی وا گوماناوی..

2- لەبارەی پەیوەندی بە یەكگرتووە راشكاوانە رایدەگەیەنین، بەهیچ جۆرێك دوور و نزیك ئەم بازرگانییە وەهمی و ناڕوونە، پەیوەندی بە حیزبەوە نییەو، ئێمەش لە زاری خەڵكەوە بیستوومانە كە كەسانێك توش بوون و مومارەسەی ئەكەن و، بازاڕی بۆ گەرم ئەكەن، ئەوە كارێكی شەخسییەو خۆیان وەك شەخس بەرپرسن لە ئەنجام و بەرهەمی كارەكەیان.. ئێمەش تەوسییە ئەكەین كە ئەندامانی یەكگرتوو خۆیان بەم كاسبییە وەهمییەوە خەریك نەكەن و، پارەی حەڵاڵی خۆیان با كەمیش بێ، لەو زۆرە خەیاڵییە باشترە..

3- هەر لەو بارەیەوە جەخت لەوە دەكەینەوە كە مەرجەعی شەرعی ئەم جۆرە بابەتانە تەنیا زانایانی شەرعییە، نەك ئەو كەسانەی كە خۆیان تووش بوون و، بە كەمێك شارەزایی و رۆشنبیریی ئاینییەوە دەیانەوێ ئەم كارە گوماناوییە بشەرعێنن و، قسەی ئەهلی عیلم و فتواو پسپۆڕی پشتگوی بخەن..

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
2 / 1 / 2018



PM:12:37:02/01/2018