لەبارەی جۆرێك بستەوە لە بازاڕەكاندا هۆشداری دەدرێت

قایمقامییەتی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان لەبارەی خواردنی بستەی سورەوە و ڕایگەیاند، لە هەر شوێنێك بفرۆشرێت دەستی بەسەردا دەگرن.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، قایمقامییەتی سلێمانی دەڵێت "لیژنە هاوبەشەكان دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر بستەی ڕەنگكراودا گرتووە كە بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەكان خواردنی ئەوجۆرە گونجاو نییە و زیانی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان بەگشتی و بەتایبەت منداڵ هەیە".

 لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە "پێكهاتەی ئەو رەنگە خۆراكییە بۆ خواردەمەنییە ساردەكان دروستكراوە، بەڵام  برژاندنی لەگەڵ بستەكەدا بەها خۆراكییەكەی لەدەست دەدات و دەبێتە ماددەیەكی زیان بەخش كە جێگەی مەترسیە بۆسەر تەندروستی مرۆڤ".

هاوكات قایمقامییەتی سلێمانی ئاگاداری فڕن و دوكاندارەكان دەكاتەوە لە ئامادەنەكردن و نەفرۆشتنی بستە بەو شێوەیە و هەروەها داوا لە هاوڵاتیان دەكات خۆیان و مناڵەكانیان بەدوور بگرن لە خواردنی ئەوجۆرە بستەیە.



PM:02:06:09/01/2018