مەسرور بارزانی باڵێکی ناو یەکێتی بە ڕادەستکردنی کەرکوک تۆمەتبار دەکات

مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هێرشی کردە سەر باڵێکی ناو یەکێتی و ڕایگەیاند  "بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە یەكریزی ناوماڵی كورد لەناوچوو".

 


لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی رووداو، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "سەرۆك بەهیچ شێوەیەك رازی نەبووە ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بۆ درێژ بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ریفراندۆمەوە، بەڵێنی بەخۆی و گەلەكەی دابوو بەردەوام بوو، تا هەڵبژاردنی داهاتوویش چ سیستەمێكیش دروست بێ‌ پابەندی ئەوە دەبین".

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتی، "یەكڕیزی و یەكدەنگی گەرەنتی سەركەوتنمانە و بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین دەبێ‌ سەربەخۆمان بین، پێشتر یەكڕیزی هەبوو، بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر یەكریزی ناوماڵی كورد لەناوچوو، بەڵام ئەوەیش نابێ‌ ببێت بە ڕێگر و دەبێ‌ تجاوزی ئەو قۆناغە بكەین و ئەزموونەكان كە تا ئێستە هەیە بیپارێزین".

لەبارەی پرۆسەی بە عەرەبكردن لە كەركووك و ناوچەكانی تر وتی، بەداخەوە، ئێستە ئەو ناوچانە ناوچەی داگیركراون و بەغدا نەیهێشت بەهاوبەش تێدا بین و بەشێوە سەربازی هاتن داگیریان كرد.

وتیشی "حكوومەتی عێراق زۆر شارەزایانە تەنگژەی دروست كردووە و دەیەوێت دەست بخاتە كاروبارەكان و سوودیان لە چەند كاڵفامێك كرد بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار بكەن، بوونەتە هۆی تەنگژەكان و عێراق ناتوانێ‌ بەم شێوەیە دۆخەكە چارەسەر بكات مەسروور بارزانی وا دەڵێ‌".

روونیكردەوە، ئەگەر هەموو لایەنەكان پێكەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین ئەوە دەنگی كورد زۆر زۆر بەهێزتر دەبێ‌، "زۆر جار ویستوومانە، كە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دیموكراسی پیشان بدەین، بۆیە پێویستە هەڵبژاردن بكرێت و بە حەقی دەزانین رووی جوانی كوردستان پێشان بدرێـتەوە و هەڵبژاردن زۆرێك لە كێشەكانیش چارەسەر دەكات، چونكە حكوومەتێك دڵنیای خەڵكی لەگەڵ بێ‌ بەهێزتر دەبێ‌ لە حكوومەتێك بە ڕێككەوتنی سیاسی پێك بێت".

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە كرد، "كورد پێویستی بە گرەنتییەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی رووبەرووی هێرشی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق نەبینەوە و دەبێ‌ وەك نەتەوە لێرە تەبا بین و بیر لە بەرژەوەندی تایبەت بكەینەوە، ئێستە گفتوگۆی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە و درەك بەوە كراوە بە یەكڕیزی دەتوانین سەركەوین و دەتوانین بیر لە بەرەیەكی فرەوان بكەینەوە و ئاسۆ ڕوونە".



PM:10:27:10/01/2018