یەکگرتوو سبەی بڕیار دەدات

ئەو وادەیەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دیاریكردبوو بۆ حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی بۆ مانەوەی لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا تەنها یەك ڕۆژی ماوە و سبەێنێش ١٤ کانوونی دووەم ئەنجومەنی سەركردایەتی حیزبەكە دوابڕیاری خۆی لەبارەی مانەوەی لە حكومەت یاخود كشانەوە دەدات.

عومەر محەممەد ، بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی جێ بەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی كوردیو کە سەر بە یەکگرتووی ئیسلامیە، وتی" سبەینێ‌ دوو شەممە لە كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لە شاری هەولێر كۆبونەوەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو مەرج و بەڵێنانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات كە بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی یەكگرتوو دابوونی ".

بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی جێ بەجێكردنی یەكگرتوو وتیشی" بڕیارە لە كۆبونەوەكەی سبەینێ دا ئەنجومەنی سەركردایەتی بە شێوەی دەنگدانی ئەندامانی سەركردایەتی دوابڕیاری خۆی لەسەر مانەوە یاخود كشانەوە لە حكومەت بدات".
ڕۆژی 25 ی مانگی ڕابردو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ماوەی 20 ڕۆژی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاریكرد بۆ ئەوەی بە كردار پرۆسەی چاكسازی بنەڕەتی بكاتە ئەولەویاتی كارەكانی بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێكی 24 خاڵیشی پێشكەش كرد بۆ جێبەجێكردنیان.



PM:07:35:14/01/2018