وەزیرەکەی یەکگرتوو: داواکاریەکەی یەکگرتوو محەلەبی دروستکردن نیە وازوو جێبەجێبکرێت

تاکە وەزیرەکەی یەكگرتووی ئیسلامی داوای مانەوەی حزبەكەی لە حكومەت دەكات و دەڵێت "ئەو دەرفەتەی درا بەحكومەت بۆ چاكسازی خۆ محەلەبی دروست كردن نیە".

مەولود باوەموڕاد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای رایگەیاندووە "لەناو سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوو بۆچون هەیە لەسەر بڕیاری كشانەوە یا مانەوە لەحكومەت، بەڵام ئەو دەرفەتەشی كەدرا بەحكومەت بۆ چاكسازی خۆ محەلەبی دروست كردن نیە حكومەت بتوانێت بەو ماوە كەمە جێ بەجێی بكات، چونكە ئەگەر حكومەت پێی بكرایە خۆی جێبەجێی دەكرد نەك بەپڕۆژەی كەس".

وابڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوا بڕیاری خۆی لەسەر مانەوە یاخود كشانەوە لەكابینەی حكومەتی هەرێم بدات و لە ئێستاشدا وەفدێكی یەكگرتوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەدایە.

وتیشی، "لەناو سەركردایەتی یەكگرتوو دوو بۆچوون هەیە لەوبارەیەوە هەندێك پێییان وایە كشانەوە بۆتە فیلمێكی ئێكسپایەر پێشتر گۆڕان و كۆمەڵ كشانەوە هیچ لەبابەتەكە نەگۆڕا و ئێستا شوێن كەوتنی ئەو حیزبانەیە ئەگەر بكشێیینەوە."

مەولود باوەموراد ئاماژەی بەبۆچونی دووەم دا و وتی، "بەڵام هەندێكی تر دەڵێن مانەوەمان لەو حكومەتە شكستخواردووە مانەوە لەگەڵ حكومەتێكی گەندەڵ زیانی زۆر لەپێگەی جەماوەری یەكگرتوو دەدات بەتایبەت لەدەڤەری سەوز."

مەولود باوەموراد، كە وەزیری هەردوو وەزارەتی گواستنەوە و ڕێكخەری پەرلەمان و حكومەتیشە لەهەمانكاتدا باسی لەبۆچوونی خۆی كرد بۆ مانەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەحكومەت و وتی، "بۆچونی من وایە، كە بمێنینەوە لەناو حكومەت، چونكە ئێستا ئاسۆی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغداد دەركەوتووە، وا دەبینرێت دۆخەكان بەرەو باشی دەڕوات، ئەو پڕۆژە چاكسازییەی ئێستا نێردراوەت پەرلەمان ئەگەر جێبەجێ بكرێت ئەوە دەبێتە باوكی چاكسازییەكان.هەروەها هەر خودی ئەم حكومەتە خۆی ماوەیەكی كەمی ماوە."

سەبارەت بەمەترسی كاریگەری مانەوەی یەكگرتوو لەناو حكومەت لەسەر بنكەی جەماوەرییان مەولود باوە موراد وتی، "ئێمە لەبادینان لەدەڤەری زەرد (١٠٥) هەزار دەنگدەرمان هەیە، دوای ئەوە یەكگرتوو جیاوازە لەگۆڕان و كۆمەڵ و تەنانەت هەموو حیزب و كوتلەكەی دكتۆر بەرهەمیش. دوای ئەوە كشانەوە لەحكومەت پێویستی بەدەنگی ٢\٣ ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتیە."

مانگی ڕابردوو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەیەكی چاكسازییان داوەتە حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێ كردنیشی مۆڵەتی تا (١٥-١-٢٠١٨)یان داوەتە حكومەت بۆ جێبەجێ كردنی ئەگەرنا لەحكومەت دەكشێنەوە.

لە مەولود باوەموراد كەئێستا ئەندامی ئەو شاندەیە لەگەڵ حكومەت كۆدەبێتەوە پرسی ئایا حكومەت پڕۆژەكەی یەكگرتووی جێبەجێ كردووە وا لەگەڵ مانەوەی حیزبەكەیەتی لەناو حكومەت؟ وتی، "خۆ پڕۆژەكە محەلەبی نیە، دەزانی محەلەبی دروستكردنیش بێت كاتی زیاتری دەوێت، دوای ئەوە ئەگەر حكومەت ئەو پڕۆژەیەی پێ جێبەجێ بكرایە خۆی جێبەجێی دەكرد".

سەبارەت بەوەی ئەگەر پێیان وایە جێبەجێ كردنی پڕۆژەكەیان ئاسان نیە ئەی بۆ حیزبەكەی دای بەحكومەت و مۆڵەتی جێبەجێ كردنی پێدا؟ بەڵام مەولود باوە موراد وتی، "ئێشتا دەچمە كۆبونەوە لەوە زیاتر ناتوانم قسە بكەم."



PM:04:34:15/01/2018