لەبارەی موچەی دوو وەزارەتەكە دوابڕیار دەدرێت

سبەی چوارشەممە شاندێكی 5 كەسی لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی بەغدا دەكەن بۆ كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندێكی عێراقی، لەبارەی ووردبینی موچەی دوو وەزارەتەكە و ئەندامێكی شاندەكەش دەڵێت "پێدەچێت سبەی ئەنجامی كاری لیژنەكە بڕیاری لەسەر بدرێت و بخرێنە بەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراق". 

لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان ڤیان جاف، بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندی كوردی بۆ بەغدا بە ماڵپەڕی "دواڕۆژ"ی ڕاگەیاندووە "كۆبوونەوەكەی سبەی چوارشەمە 17 كانونی دووەم، كاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی دەبێت و شاندی هەرێمی كوردستان لە پێنج كەس پێكهاتوون و شاندی بەغدا هەمان شاندی دانیشتنی پێشووتر دەبن تەنها مەهدی حلاق، ئەمینداری گشتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە دەرەوەی ئەو لیژنەوە دێت، سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكات ".

ئاشكراشیكرد، لە كۆبوونەوەكەی سبەی لیژنەكە دیوانی چاودێری دارایی عێراقیش بەشداری دەكەن، كە لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو، وەكو لیژنەی لاوەكی كاریان لەسەر لیستی موچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە كردووە و وتیشی "پێدەچێت سبەی ئەنجامی كاری لیژنەكە بڕیاری لەسەر بدرێت و بخرێنە بەردەمسەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ بڕیاردان لێی".

رێككەوتی 4ی كانونی دووەم، شاندی حكومەت هەرێم و بەغدا لە بارەی وردبینیكردنی ناوی فەرمانبەرای هەمیشەیی و گرێبەستی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە، وابڕیارە سبەی چوارشەممەش 17ی كانونی دووەم، شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتوون لەهەردوو بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی حكومەتی هەرێم و، سێ راوێژكار لە بواری دارایی لە وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردەو دارایی سەردانی بەغدا بكەن.

بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە بریتییە لە 171 هەزار و 750 مامۆستا و فەرمانبەر كە كۆی مووچە و دەرماڵەیان بەبێ پاشەكەوت بۆ مانگی كانونی دووەمی; 2018 دەكاتە (151,600) ملیار دینار، ژمارەی مووچەخۆرانی وەزارەتی تەندروستیش 49 هەزار و 950 فەرمانبەرە، كە كۆی مووچە و دەرماڵەیان بەبێ پاشەكەوت بۆ مانگی كانونی دووەمی 2018 دەكاتە (49,750) ملیار دینار.
                    



PM:12:33:16/01/2018