عەبدوڵای کوێخا موبارەک: قەرزێكی گەورەمان لای بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی و دژە تیرۆرە

عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ڕووداوی زیندانەکەی چەمچەماڵەوە هاتە دەنگ و دەڵێت "قەرزێكی گەورەمان لای تەواوی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی و دژە تیرۆری یەكێتیە".


ناوبراو دەڵێت " ٦٠ بۆ ٧٠ هەمەر وباجەری دژە تیرۆر هەڵیانكوتاوەتە سەر بیست پێشمەرگەی لیوای تایبەتی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كە برا وئامۆزا وخزمی منن".

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

ڕونكردنەوەیەك دەربارەی شەهید كردنی بێستونی ئامۆزام

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک

پێشەكی زۆر سوپاسی هەمو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە بەشداری پرسەكەمان بون، یان بە پرسە نامە وپەیوەندی كردن سەرەخۆشیان لێ كردوین وهاوخممان بونە. وە زۆر داوای لێبوردنیش لەو میوانە بەڕێزانە دەكەم كە بەهۆی باش نەبونی تەندروستیمەوە نەمتوانیوە وەك پێویست لە پرسەكەبم وپێشوازیان لێ بكەم.

بەداخەوە زۆرێك لە میدیاكان دور لە ئیتیكی ڕۆژنامەوانی بە بێ بەدواداچون ڕوداوەكەیان بە شێوازی جۆراوجۆر و بە ناڕاست بڵاو كردۆتەوە.ڕاستی بابەتەكە ئەوەیە٦٠ بۆ ٧٠ هەمەر وباجەری دژە تیرۆر هەڵیانكوتاوەتە سەر بیست پێشمەرگەی لیوای تایبەتی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كە برا وئامۆزا وخزمی منن.

دژە تیرۆری یەكێتی بۆ گواستنەوەی بەند كراوان نەچوبون، بەڵكو بۆ داگیر كردنی گرتوخانەكە بو بە تەواوی مەخزەن وكەلوپەلی ڕێستورانت وحانوتی كۆمپانیای خۆراكی گرتوخانەكەشەوە، كە هی برا وخزمەكانی منە، ئەگینا ئەو گرتوخانەیە ٣٠٠٠ بەند كراوی تێدا بوە و لە چەند مانگی ڕابردودا ٢٥٠٠ بەندكراو گوستراونەتەوە بەبێ چاودێری دژە تیرۆر وهیچ كەسیش ڕێگری لێ نەكردون.

برا وئامۆزاكانی من چەتە وڕێگر وچەكداری كۆمپانیا نین، هەروها بۆ ڕێگی لە گواستنەوەی بەندكراوەكان لەوێ نەبونە، ئەوان ئەفسەر وپێشمەرگەن لە لیوای تایبەتی كۆسرەت ڕەسوڵ، ڕێگری ئەوان لە دژە تیرۆر بۆ دو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەم بۆ پاراستنی كەلوپەلی كۆمپانیاكەیان، دوەم پێ دەچێت ململانێی ناوخۆیی یەكێتی تێكەڵ بەم كێشەیە كرابێت، چونكە ئەوان دەڵێن سەروی خۆمان ئاگادار بوە لە چونی ئێمە بۆ گرتوخانەكە.

بە نیسبەت منەوە دەربارەی ئەو گرتوخانەیە و ڕوداوەكە،من نزیكەی ٥ مانگە دەستبەرداری پشك وكۆمپانیای خۆراك وگرتوخانەی فیدراڵی چەمچەماڵ بومە، لەبەرئەوەی  برا وخزمەكانم گلەیی ئەوەیان لێم هەبو كە من زۆربەی پارەی ئەو ئیشە بە هەدەر ئەدەم وئەوان تەنها ماندوبونەكەیان بۆ دەمێنێتەوە، منێش وەكو سزادانێكی خۆم وقەرەبویەكی ئەوان دەست بەرداری ئیشەكە بوم.

بەنیسبەت ڕوداوەكەیش بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە منەوە نەبوە و من یەك كاتژمێر پێشتر ئاگاداركرام و داوام لە برا وخزمەكانم كرد كە ئەو شوێنە جێبهێڵن با كێشە دروست نەبێت، بەڵام بە قسەیان نەكردم و بە بیانوی ئەوەی ئەوان لە لایەنێكی ترن وسەروی خۆیان ئاگادارە كە لەوێن بۆیە ناتوانن بكشێنەوە.

بەڵام ئێستا كە ئامۆزایەكی خۆشەویستم و كوڕی شەهیدێكی سەركردەمان شەهید كراوە بە هەمو شێوەیەك و لە هەمو كەس زیاتر پەیوەندیدارم بەو كێشەیەوە.كورت وپوختی بابەتەكە ئەوەیە كە قەرزێكی گەورەمان لای تەواوی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی و دژە تیرۆری یەكێتیە.



PM:07:40:17/01/2018