نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە لەگەڵ عەبادی کۆدەبێتەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی سەردانەکانی بۆ بەغدا و تاران خستەڕو و ئاشکراشیکرد کە ئەم هەفتەیە لە داڤۆس جارێکی دیکە لەگەڵ عەبادی کۆدەبێتەوە.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی عێرڵق رایگەیاند "لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی مووچە، نەوت، فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانمان کرد، ئەوان لیژنەیان بۆ داناون و ئێمە بەردەوام لە پەیوەندی دەبین، بەو هیوای بگەینە چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان".

لەبارەی مووچەووە وتی "نەک تەنیا وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی، بەڵکو باسی مووچەی وەزارەتەکانی دیکەشمان کرد، بەڵام ئەوەی گرنگە با هی ئەو دوو وەزارەتە تەواو ببێت، هیوادارین هی ئەوانی دیکەش بگرێتەوە".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی رایگەیاند. هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە، هەندێک کێشەی هونەری هەن و هیوادارن بەزووترین کات چارەسەربکرێن و بکرێنەوە.

نێچیرڤان بارزانی کە یەکێک لە بەشداربووانی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسە و سبەی سێشەممە 23-1-2018 دەستپێدەکات و سێ رۆژ دەخایەنێت، ئاشکرای کرد کە جارێکی لەگەڵ عەبادی کۆدەبێتەوە و چاوی بە وەزیری نەوتی عێراقیش دەکەوێت، کۆبوونەوەکانیش بەردەوامیدان دەبن بە کۆبوونەوەکانی رابردوو.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "نەخێر تەنیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بوو و هیچ رێککەوتنێکمان واژۆنەکرد".

لەبارەی هەڵوێستیشان لەسەر عەفرین نێچیرڤان بارزانی وتی "ئەوەی لە عەفرین روودەدات جێی نیگەرانی گەورەی هەرێمی کوردستانە و هیوادارین و داوادەکەین بەزووترین کات بە کەمترین زیان بگەنە رێککەوتن، نیگەرانی گەورەی ئێمە ئەو مەدەنییانەن کە لە عەفریندان".



PM:04:02:22/01/2018