حکومەتی هەرێم شێوازی دانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان ئاشکرا دەکات

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەژماری تایبەتی بانک (حساب بانکی) بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی ھەرێم دەکاتەوەو دواتریش سەرجەم پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی دەخاتەسەر ئەو حسابە.

 مەولود سابیر بەڕێوەبەری بانک لەوەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم بەمیدیاکانی پارتی وتوە:"بۆ ئەوەی ھەرێم سەرجەم کێشەکانی چارەسەربێت، مانگانە پێویستی بەیەک ترلیۆن دینار ھەیە، بۆ دابەشکردنی موچەش بەبێ پاشەکەوت پێویستمان بە 850 ملیار دینار ھەیە".

بەڕێوەبەری بانک لەوەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم وتیشی:"ھاوکات لەگەڵ موچە ھەرێم مانگانە 150 ملیاری دیکەشی پێویستە بۆ پڕۆژەکان، بۆیە ئەگەر یەک ترلیۆن دینار لەبەردەستی ھەرێم بێت، ھیچ کێشەیەکی دارایی نامێنێت، بۆ ئێستاش وەزارەتی دارایی و حکومەتی ھەرێم مانگانە پێویستیان بە 450 ملیار دینار ھەیە، ھەربۆیە لەئێستادا بانکەکانی ھەرێم کێشەی نەبونی پارەیان ھەیە".

سەبارەت بەهەنگاوەکانی داهاتوو، ئەو بەرپرسە وتی:"بانکە حکومیەکان بەئەلیکترۆنی دەکرێن و پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانیش دەخرێتە نێو ئەو حساب بانکیەوە، ئەوکاتیش یان دەکرێتە ڤیزە کارت، یان پیم کارت، ئێستاش بانکی ئێمە لەقۆناغی ئەوەدایە سەرجەم کارەکانی بەئەلیکترۆنی بکرێت و مامەڵەکان بەئەلیکترۆنی بەڕێبکرێن".

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتوویەتی:"ئەگەر ئەوە تەواوبوو، دواتر پاشەکەوتی فەرمانبەر ھەرچەندێکی ھەبێت دەچێتەسەر حساب بانکیەکەیی و دەتوانێت لەمۆڵ و مارکێتەکان بەو ڕەسیدە شت بکڕێت".

بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی دارایی زیاتر لەبارەی حساب بانکیەکەی فەرمانبەرانەوە ڕونکردنەوەیداو وتی:"کردنەوەی حساب بانکی بۆ فەرمانبەران بۆ ئەوەی پاشەکەوتەکانی بخرێتەسەر لەکارە لەپێشەکانی حکومەتە، چونکە چارەسەری دیکەی نییە، پاشەکەوت کە دەخرێتەسەر حیساب بانکی فەرمانبەران کێشەی حکومەت و خەڵکیش چارەسەردەکات و کێشەی نەبونی پارەی کاشیش چارەسەردەبێت".



PM:07:08:23/01/2018