خێزانێکى حەوت کەسى بەهۆى بۆردومانى تورکیاوە شەهیدبوون

ئاژانسى هاوار نیوز بڵاویکردەوە، بەهۆى بۆردومانى تورکیاوە لەسنورى عەفرین حەوت ئەندامى خێزانێک شەهیدبوون.


بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، بۆردومانەکە نزیکەى کاتژمێر ٠٣:٣٠ بەرەبەیانى ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە کراوەتە سەر ناوەندى ناحیەى موباتا، دواتریش ناحیەکە بە هاوەن بۆردومانکراوە.

ئاژانسەکە ئاماژی بەوەکردووە بەهۆى بۆردومانەکانەوە خێزانێکى حەوت کەسى شەهیدبوون، کە تەرمى دوانیان هێشتا لەژێر داروپەردوى ماڵەکەدا ماونەتەوە و تەرمى پێنجى دیکەیان دەرهێنراون و ڕاگەیەندراوە "ئەو پێنج کەسەى تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە پێکهاتوون لە تەها خاتر، ئامینە خاتر، زەکیە خاتر، سلێمان خاتر، ئیسرا خاتر".

هاوکات ڕاگەیەندراوە کە تیمەکانى فریاگوزارى بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دەرهێنانى تەرمەکانى دیکە لە ژێر داروپەردوى ماڵە رووخاوەکەدا.

ئەوەش خراوەتەڕوو ئەو خێزانە لە ئیدلبەوە ئاوارەى کانتۆنى عەفرین بوون و لەدەست سوپاى تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانى هەڵهاتبوون.

رۆژی شەممە 20ی كانوونی دووەمی 2018، سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کوژراون و برینداربوون.



PM:02:05:26/01/2018