وەزارەتی دارایی: قەرزی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەدەینەوە

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم جەخت لەسەر دانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران دەكاتەوە. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و كاروباری ئابوری كە وێنەیەكی بۆ سپی میدیا نێردراوە " ئەمڕۆ 28ی 1ی 2018، هەریەك لەجەعفەر ئیمینیكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان بەسەرۆكایەتی وەفدێك سەردانی ئەو وەزارەتەیان كردووەو لەگەڵ ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ڕابەر سدیق بریكاری وەزارەتەكە بەوەكالەت كۆبوونەتەوە".

لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی باسی بارودۆخی دارایی هەرێم و شێوازی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و گەڕانەوەی داهاتی نەوت و شێوازی دانەوەی قەرزی پاشەكەوتكراوەكان لەداهاتوودا كردووەو ڕاشیگەیاندوە: لەڕێگەی پرۆژەی چاكسازیی حكومەتەوە كە ئێستا گەیشتۆتە پەرلەمان، بڕە پارەیەكی باش بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوەو ئەوەش كاریگەری باشی لەسەر دابەشكردنی موچ دەبێت.

سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەش، وەزیری دارایی باسی کێشەی گۆڕینەوەو هێنانەوەو تەکنیکی لە پرسی دواکەوتنی مووچەدا کردووە.

وەزیری دارایی و بریکارەکەی دڵنیاییانداوە كە پاشەكەوتی موچە بەپێی یاسا مافێكی فەرمانبەرانەو بەهیچ جۆرێك نافەوتێت و دەدرێتەوە، بەڵام شێوازی دانەوەكەی لەسەر داهاتی حكومەت ڕەنگە درەنگ بكەوێت یان میكانیزمی تایبەتی بۆ بگیرێتەبەر.



PM:06:34:28/01/2018