بەوێنە.. شەڕڤانێکی خەڵکی هەولێر لە عفرین شەهید بوو

شەڕڤانێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە بەناوی باشور سۆران، کە خەڵکی شاری هەولێرە، لە بەرخۆدانی عەفرین بەرامبەر سوپای تورک و چەتەکانی شەهیدبوو.

ئەمڕۆ، کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، شەهیدبوونی شەڕڤانێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگەی خەڵکی شاری هەولێر-ی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، شەڕڤانی یەپەگە محەمەد هادی، ناسراو بە باشور سۆران، لە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەدا، لە شارۆچکەی بلبلێ-ی سەر بە عەفرین لە شەڕێکدا لەگەل سوپای تورک و چەتەکانی شەهیدبووە.

کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، ئەوەشی خستووەتەڕوو: شەڕڤان محەمەد هادی، ناسراو بە باشور سۆران، لەساڵی ١٩٩٦ لە هەولێر لەدایکبووە، ساڵی ٢٠١٣ بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بووە، لە ٢٥-٠١-٢٠١٧، لە شەڕێکدا بەرامبەر سوپای تورک و چەتەکانی شەهیدبووە.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە سبەینێ دوو شەممە ٢٩-٠١-٢٠١٧، یەکەم ڕۆژی پرسەی شەهید باشور سۆران، لە مزگەوتی حاجی عەبدوڵای عەوێنە لە گەڕەکی نەورۆز-ی شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو ڕۆژ بەردوام دەبێت.


PM:08:51:28/01/2018