تورکیا بە نهێنی پەیوەندی بە هەسەدەوە کردووە

سوپای تورکیا بە نهێنی پەیوەندیی بە هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"وە کردووە و داوای تەرمی سەربازەکانی دەکات.


رێدوور خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، سوپای تورکیا بە نهێنی بەڕێگای جیاوازەوە داوای تەرمی سەربازەکانی لە هەسەدە دەکات.

سەبارەت بە خۆڕادەستکردنی چەکدارە سوورییەکانی سەر بە تورکیا لەلایەن هەسەدەوە، رێدوور خەلیل رایگەیاندووە، رۆژانە ئەو چەکدارانە پەیوەندیی بە هەسەدەوە دەکەن و خۆیان رادەست دەکەن.

ئەو سەرکردەیەی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای تورکیا بە چەندین رێگای جیاواز و "بە نهێنی" داوا لە هەسەدە و یەپەگە دەکات تەرم سەربازە تورکەکان لە عەفرین، بدەنەوە سوپای تورکیا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی یەپەگە لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 300 سەربازی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی گرێدراوی تورکیا کوژراون.



PM:09:29:28/01/2018