ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی گۆڕانی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایده‌گه‌یه‌نێت " ئه‌گه‌ر هه‌رێم رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕێگه‌ی سۆمۆوه بفرۆشێت، به‌غدا موچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران ده‌دات".
شیرین ره‌زا، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: پێویسته بودجه‌ی 2018ی عیراق په‌سه‌ند بكرێت بۆئه‌وه‌ی پێدانی موچه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداوه به‌رده‌وام بێت، نه‌ك دوو مانگ بدرێت و پاشان رابگیرێت، بۆیه پێویسته هه‌رێم پابه‌ندی ئه‌و مه‌رجانه بێت كه عیراق دایناوه.
ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی: "مه‌رجه‌كانی عیراق، راده‌ستكردنی داهاتی نه‌وت، ئیداره‌دانی خاڵه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان به‌هاوبه‌شی و هه‌نارده‌كردنی رۆژانه‌ی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمه له‌ڕێگه‌ی سۆمۆوه".
سه‌باره‌ت به ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی هه‌رێم به راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا به كۆمپانیای سۆمۆ، شیرین ره‌زا ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر هه‌رێم به‌و مه‌رجه رازی بێت، حكومه‌تی عیراق موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌دات، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و سیستمه‌ی له‌عیراقدا موچه‌ی پێدابه‌شده‌كرێت، واته (3.8%) له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش ده‌بڕدرێت".