هاوپەیمانیەتیەكی نوێ لە عێراق پێك دێت

هاوپەیمانێتی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و رەوتی حیكمەی نیشتیمانی بەسەرۆكایەتی عەممار حەكیم رایانگەیاند، بە دوو لیستی جیا دەچنە هەڵبژاردنەكانەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكان كاردەكەن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بەرفراوان.

لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا، هاوپەیمانێتی نەسر و رەوتی حیكمەی نیشتیمانی رایانگەیاند، بە رێككەوتن و رەزامەندی هەردوولا و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بڕیاریانداوە بە دوو لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن و هاوكات جەختیان كردووەتەوە لەسەر بەردەوامیدان بە هاریكاری نێوانیان، كاركردن بۆ هەڵبژاردنێكی پاك  بێگەرد، رەخساندنی بارودۆخێكی گونجاو بۆ هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەكانی نوێنەرەكانیان لەپەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان.

هاوپەیمانێتی نەسر و رەوتی حیكمەی نیشتیمانی ئەوەشیان خستووەتەڕوو، دوای هەڵبژاردنەكان كاردەكەن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بەرفراوان، بەئامانجی پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتیمانی كە خواست و هیواكانی گەل بەدیبهێنێت.

بریارە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ١٢ ی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت و بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، ٢٧ هاوپەیمانێتی سیاسی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان تۆماركراون.




AM:09:15:30/01/2018