لیژنەى باڵاى وردبینى موچە کە لە بەغداوە هاتوون ووردبینی لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی بەئامانجى وردبینیکردن لە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیپێکرد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: وەفدەکەى حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى د. محەمەد عەبدعەتیە سەراج سەرۆکی لیژنەی باڵای وردبینی لەگەڵ د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا کۆبووەتەوە و گفتوگۆ لەبارەى سێکتەرە جیاکانى خوێندنى باڵا و چۆنیەتى پەرەپێدانى کرا.
هاوکات بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، د. محەمەد عەبدعەتیە ڕایگەیاندووە: جێبەجێکردنى سیستمی بایۆمەتری لە کوردستان کارێکى زۆر گرنگە و، کارئاسانى زۆر بۆ کارەکانى ئێمە دەکات، و شایستە داراییەکانى فەرمانبەرى ڕاستەقینە وەک حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى بەغداد جەختى لەسەر کردووەتەوە بەتەواوەتى مافى پارێزراوە و موچەى خۆى بەتەواوەتى وەردەگرێت.
سەرۆکی لیژنەی باڵای وردبینی داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە کە هەماهەنگى تەواویان لەگەڵدا بکەن بۆ ئەوەى بەزووترین کات کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەواو بکەن و لیستى ناوەکان بەرزبکەنەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەى بڕیارى کۆتایى لەسەر بدرێت.