گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و هاوپەیمانی هەنگاوێکی تر بۆ پێشەوە دەنێن

بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌ لەماڵی کەسایەتی دیار، جەلالی سام ئاغا لە سلێمانی هەنگاوێکی تر بۆ پێشەوە دەنێن و لەسەر چەند خاڵێک ڕێکدەکەون.

ئەمڕۆ ٥ ی شوبات لەماڵی جەلالی سام ئاغا کەسایەتی سەربەخۆ، هەرسێ لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری برەو بە پەیوەندیەکانیان دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن لە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش پێکەوە هاوپەیمانێتی گرێبدەن و ئەمڕۆ یەکەم هەنگاو لەو بوارەدا دەنێن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ هەریەک لە عومەری سید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی و چەند بەرپرسی تری هەر سێ لایەن بەشداری ئەو کۆبوونەوەیان لە ماڵی جەلال سام ئاغا کردووەو کۆبوونەوەکەش لەلایەن چالاکوانی سیاسی مەسعود عەبدولخال و کەمال رەوف و سەید ئەکرەمەوە رێکخراوە.

 لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە ئەو رێککەوتنەی لەسەر هاوپەیمانێتیان بۆ ناوچە جێناکۆکان بەناوی " نیشتمان"ەوە ئەنجامیان داوە، بەرەوی پێبدەن و کار بەو ئاراستەیە بکەن  بۆ پەرلەمانی کوردستانیش هاوپەیمانێتیەکی نوێ لە شێوەی بەرەدا گرێ بدەن.

بەپێی ئەو زانیاریانە هەر سێ لایەن رێککەوتوون کە ناوەندێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان گرێ بدەن و بۆ ئەو کارەش چەندان لیژنەی هەماهەنگی پێکبهێنن.



PM:07:30:05/02/2018