سبەی خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستپێدەکاتەوە

مامۆستایانی ناڕازی لە سبەینێوە خۆپیشاندان دەستپێدەکەنەوە و ڕاشیدەگەیەنن "متمانەیان بە حکومەتی هەرێم نەماوە و لەمەودوا داواکارییەکانیان ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکەن".

بەردەوامبوونى سیستمى پاشەکەوتکردنى موچە و نەدانى موچە لە کاتى خۆیدا، جارێکی دیکە بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی ناچارکرد بیر لە بایکۆتکردنى پرۆسەى خوێندن بکەنەوە.

مامۆستایانى ناڕازى لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند ڕۆژى سێشەممە لەبەردەم پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانی دەستدەکەنەوە بە خۆپیشاندان و لەوێشەوە بەڕێپێوان دەچنە بەردەم نوسینگەى پەرلەمانى عێراق لە سلێمانى.

مامۆستایان ڕایانگەیاند، متمانەیان بە حکومەتی هەرێم نەماوە و لەمەودوا داواکارییەکانیان ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکەن، داواشیان لە حکومەتی هەرێم کرد نەبێتە ڕێگر لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی حکومەتی فیدراڵى بە موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی داوە بۆ خەرجکردنی موچەکانیان.

هەڕەشەى دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندان و بایکۆتکردنى پرۆسەى خوێندن لەلایەن مامۆستایانى ناڕازییەوە لەکاتێکدایە، لیژنەکانى حکومەتى عێراق بەردەوامن لە وردبینیکردنى لیستى موچەى هەردوو وەزارەتى تەندروستى و پەروەردە لەسەنتەرى شارەکاندا و وردبینیشیان بۆ لیستى موچەى وەزارەتەکانى دیکە جگە لە ناوخۆ و پێشمەرگە دەستپێکردووە، هاوکات بەشێک لە خوێندنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی خوێندکارەکانیان ڕەوانەی ماڵەوە کردۆتەوە و وانە ناڵێنەوە.




PM:09:05:05/02/2018