خواردنەوەیەكی گازی قەدەغەكرا

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت رێگری لە بڵاوكردنەوەی بڕێكی زۆر خواردنەوە وزەبەخشەكان دەكات و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانیش رایدەگەیەنێت، بڕێك ریدبۆڵ گەرێنراوەتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیهاتووە.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند "لەلایەن ئاسایشی ئابووریەوە و بەنوسراوی فەرمی ئاگادار كراینەوە لە هەبوونی دوو سەد و  پەنجا كێس خواردنەوە وزەبەخشەكان، كە پێشتر و لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری قەدەغەكردنی دراوە".

سەرۆكی لیژنەكان وتیشی "بڕیاری قەدەغەكردنی خواردنەوە ووزەبەخشەكان، پەیوەندی بەو پێكهاتەوە هەیە كە دروستكردنیدا بەكارهێنراوە و ئەگەری كێشەی تەندروستی بۆ بەكارهێنەرانی دروستدەكات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی، بەهاوكاری ئاسایشی ئابووری، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت خواردنەوە وزە بەخشەكەی ناردوەتەوە بۆئەو شوێنەی كە بازرگانەكە هاوردەی شاری سلێمانی كردووە".

ئەوەشی خستەڕوو رۆژانە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی سەردانی دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتی دەكات و لەلایەن ئەندامانی لیژنەكانەوە كەلە كەسانی پسپۆڕو شارەزای بوارە جیاوازەكان پێكهاتوون پشكنین بۆ ئەو كاڵاو شمەكانە دەكرێت كە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەبرێن، لەكاتی پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەكان سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.  



PM:02:59:06/02/2018