ئەوروپا لەسەر عفرین هاتە دەنگ

تا ئێستا زیاتر لە 90 پەرلەمانتار ئیمزایان لەسەر بانگەوازیی ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا و پشتیوانیکردن لە عەفرین کردوە.

ئاژانسی فورات نیوز کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردەوە لە بارەگای پارلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا، ژمارەیەک پارلەمانتەری پارلەمانی ئەوروپا کە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا و پشتیوانیکردن لە عەفرین کەمپینی ئیمزا کۆکردنەوەیان ڕێکخستووە، بەئامادەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەکەدا، کە نوێنەری ڕۆژئاوا و باکوری سوریا لە فەڕەنسا، دکتۆر خالد عیسا و چەندین نوێنەری کورد ئامادە بوون، پارلەمانتارانی ئەوروپا زۆر بەڕاکشاوانە سەرکۆنەی هێرش و لەشکرکێشی ڕژێمی تورکیایان بۆ سەر عەفرین کرد و ڕایانگەیاند" ئەو شەڕەی تورکیا دژی عەفرین دەیکات پێشێلکردنی یاساکانی ئەوروپا و ناتۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لەسەر ئەوەش سەرکۆنەی هەڵوێستی ئەوروپا، ئەمەریکا، ناتۆ و ڕوسیا کرا".

هەروەها وتی " وێڕای ستاییشکردنی بەرگری قارەمانانەی خەڵک و شەڕڤانانی عەفرین ڕاگەیەندرا: لە ئێستادا لە عەفرین تەرۆرسیت هەن، بەڵام ئەو تەرۆریستانە عەفرینی نیین، بەڵکو ئەوانە لەگەڵ ئەرتەشی تورکیا شان بەشان شەڕی عەفرینیەکان و خەڵکی مەدەنی دەکەن".

ئەمەو ڕاگەیەندرا، لە کەمپینەکەیاندا کە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا و پشتیوانیکردن لە عەفرین ڕێکیانخستووە، تا ئێستا زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری ئەوروپا ئیمزایان کردوە و ژمارەیەکی دیکەش واژۆی دەکەن.

لە ئێستاشدا، پارلەمانی ئەوروپا بەبەشداری نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا، لەسەر عەفرین لە کۆبوونەوە دایە.
 



PM:09:30:06/02/2018