یەپەگە شەڕی ٢٤ کاتژمێری رابردووی راگەیاند

ێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەنجامی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی پێکدادانەکانی لە کانتۆنی عەفرین ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی سەنتەری ڕاگەیاندنی هەسەدە، گوندی قستل لە میحوەری بلبلە، ڕوبەڕووی بۆردومانی هەڕەمەکی بووەتەوە و شەڕڤانان تانکێکی تورکیایان بە ئامانج گرتووە و تێکیانشکاندووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە گوندی شیخورزە پێکدادان بەردەوامە و ٢٧ سەربازی تورکیا کوژراون و بە دەیانی دیکەش برینداربوون، هەروەها بە دەیان چەکداری گروپە چەکدارەکان کوژراون.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە میحوەری ڕاجۆ، پێکدادانی سەخت لە گوندی عەلی بیسکی ڕوویداوە و تێیدا تانکێک تێکشکێنراوە.

هەروەها لە میحوەری کفری کر پێکدادانی سەخت ڕوویداوە، کاتێک سوپای تورکیا هەوڵی پێشڕەویی داوە و تائێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن و حەوت سەربازی تورکیا کوژراون.

هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە میحوەری شیە، سەرجەم هێڵەکانی ڕوبەڕووبونەوە، ڕوبەڕووی بۆردومانی هەڕەمەکی بوونەتەوە. لە دەوروبەری گوندی خەلیل شەڕڤانان ئۆتۆمبیلێکی دۆشکە هەڵگریان تێکشکاندووە و بەهۆیەوە ١١ سەرباز کوژراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو لە میحوەری جندریس، دوای ئەوەی سوپای تورکیا نەیتوانیوە پێشڕەوی بکات، هەوڵیداوە جوڵە بکات بە ئاڕاستەی شاخی بیرقدار، بەڵام شەڕڤانان بەرەنگاریان بونەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە میحوەری عەزاز، شەڕڤانان بە چەکی قورس سوپای تورکیایان بە ئامانج گرتووە.



PM:07:21:08/02/2018