وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بەدوور لە چاوی کامێرا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە

لەبەر ئەوەی بەغدا ناڕازییە لە سەردانیکردنی بەرپرسانی ئەوروپا بۆ هەرێم و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کورد، شەوی رابردوو لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری ئەڵمانیا لە بەغداوە بۆ هەولێر، بەدوور لە چاوی کامێرا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و کەرێم شەنگالی کۆبۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ڤۆن دێرلاین وەزیری بەرگری کە لەدوێنێ شەوەوە گەیشتۆتە هەولێر بەدوور لەچاوی کامێرا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک حکومەتی هەرێم و کەریم شەنگالی وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت کۆبۆتەوە.
کۆبوونەوەی نهێنی ڤۆن دێرلاین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناڕەزایەتییەی حکومەتی عەبادی لەدوای ریفراندۆمەوە پێشانی دەدات بەرامبەر ئەو وەفدە بیانیانەی دەیانەوێت سەردانی هەرێم بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆببنەوە. 
هەرچەندە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئەو گەمارۆیەی شکاندو شەوی رابردوو خۆی گەیاندە هەرێم و شەویش لە هۆتێل دێڤان لە هەولێر مایەوە، بەڵام بۆ رێزگرتن لە سەروەری عێراق و داوای عەبادی، بەدوور لە چاوی کامێرا لەگەڵ نێچیرڤان بارزان و کەریم شەنگالی کۆبۆتەوە.

لەم ماوەیەی رابردوودا چەند وەفدێکی ئەوروپی کە پلانیان هەبوو سەردانی بەغدا بکەن و لەوێوە سەردانی هەرێم بکەن، وەک پێشووتر ئەنجامیان داوە، بەڵام لەدوای ریفراندۆمەوە حکومەتی عێراق رێگا لەو وەفدانە دەگرێت کە سەردانی هەرێم بکەن و چەند وڵاتێکی ئەوروپیش لەبەر ئەو مەرجەی بەغدا سەردانی خۆیان بۆ عێراق رەتکردەوە. 

ڤۆن دێرلاین پێشتر چوارجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و راهێنانیان بەهەزاران پێشمەرگە کردووە، لەشەوی رابردووەوە لە هەولێرەو، ئەمڕۆش ١١ی شوبات نەخۆشخانەیەک بۆ هێزی پێشمەرگە دەکاتەوە.



AM:11:39:11/02/2018