هێشکرایە سەر بارەگایەکی پارتی

لە شاری کەرکووک، هێرش دەکرێتە سەر بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە وتی خۆیان "داگیرکراوە و ئێستا لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە زیندانێکی نهێنی تێدا دروست کراوە".

عەدنان کەرکووکی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکوک- گەرمیان بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاند، "درەنگانی شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو بە گوللەی ئاڕ پی جی ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگا داگیرکراوەکەی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، بەڵام لەناو بارەگاکەدا ھیچ زیانێکی گیانی بەر کەس نەکەوتووە".

ئەوەشی ڕوون کردەوە، لە نزیک بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی، ھامەرێکی ھێزە عێراقییەکانی لێ بووە، کاتێک بە ئاڕاستەی بارەگاکە تەقە کراوە، گوللە (ئاڕ پی جی)یەکە بەر ئەو ھەمەرە کەوتووە و بەو ھۆیەشەوە دوو کەس بریندار بوون.

عەدنان کەرکووکی ئاماژەی بەوەشداوە "پاسەوانانی ئەو بارەگایە کە سەر بە هێزەکانی عێراقن، وەڵامی ئەو چەکدارانەیان داوەتەوە و بەرەو ئاسمان تەقەیان کردووە".

ڕاشیدەگەیەنێت "دوای 16ی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بارەگاکەیان داگیر کرد، بەڵام دواتر مەعەن سەعدی وەک فەرماندەیەکی سەربازی بارەگاکەی کردووە بە شوێنی هێزەکەی خۆی".

وتیشی "زیندانێکی نهێنییان لە نێو ئەو بارەگایە دروست کردووە و خەڵکی تێیدا زیندانی کراون".



PM:04:31:13/02/2018