لەبارەی ڕێككەوتنی یەپەگە و حكومەتی سوریاوە ڕوونكردنەوە دەدرێت

سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنێت، كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ رژێمی سووریا بەردەوامە و تا ئێستا نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن.

هێڤی مستەفا، سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی كانتۆنی عەفرین بە كەناڵی "سكای نیوز"ی راگەیاندووە، تا ئێستا لەگەڵ رژێمی سووریا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی، بەڵام گفتوگۆكانی نێوانیان بەردەوامە.

بەپێی زانیارییە میدیاییە بڵاوكراوەكان، یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە"ی رەزامەندیی لەسەر گەڕانەوەی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی رژێمی سووریا بۆ عەفرین، نیشان داوە.

هاوكات دوێنێ ئاژانسی "فوراتنیوز"ی نزیک کوردانی رۆژئاوا لە راپۆرتیكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەند رۆژێکە گفتوگۆی  راستەوخۆ لەناوچەی حەلەب لەنێوان فەرماندە باڵاکانی یەپەگەو سووپای سوریادا ئەنجام دەدرێت، لە قۆناغی یەکەمدا بەهۆی دەستێوەردانی هەندێک لایەنی نێو دەوڵەتی وەک رووسیا نەچووە پێش و ئەو وڵاتە دەیویست رێگری دروست بکات، هەروەها لەو کۆبوونەوانەدا کێشەی تر هەبوو لەسەر دابەشبوونی یەکە سەربازییەکانی سوریا و، هەماهەنگی نێوان هەردوولا لە جەنگدا دژی ئەو ‌هێزانەی تورکیا پاڵپشتیان دەکات، هەروەها ئەو رێککەوتنە بەو ئاراستەیە بێت کە هەردوولا هەڵمەتێکی هاوبەش ئەنجام بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باب و جەرابلس کە ئێستا لەژێر دەستی تورکیاو هاوپەیمانەکانیاندایە.

وەک فرات نیوز باسی دەکات رۆژی یەک شەممە گفتوگۆکە لەمپەری لەسەر دروستبوو، بەڵام لەکۆتایی کۆبوونەوەکە گەیشتنە رێککەوتن لەسەر جووڵەی هێزەکانی رژێمی سوریا و دروستکردنی بنکەیەک کە لێوەی بجوڵێن، وەک ئاژانسەکە جەختی لێدەکاتەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل ئەو مەرجەیان سەپاندووەکە رێککەوتنە تەنها لایەنی سەربازی بگرێتەوە، بەبێ ئەوەی لایەنی سیاسی و ئیداری بخرێتە رێککەوتنەکەوە.


 



PM:12:24:19/02/2018