زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیداندا دابەش دەكرێت

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بریاریداوە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیان سیاسی دابەش بكرێت".

 مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریداوە 11 هەزار و سەد و چل و یەك پارچە زەوی بەسەر ئەو وارسی شەهیدی سەنگەر و زیندانی سیاسیانە دابەش بكات، كە تائێستا زەویان وەرنەگرتووە.

وتیشی، بەپێی مادەی ١٣٢ ی دەستووری عێراق، پێویستە حكومەتی عێراق مافی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، زیانەكانی شاڵاوی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی گەلی كورد، بە ٣٨٤ ملیار دۆلار مەزەندەكراوە و پێویستە بدرێتەوە.

وتیشی، ئومێد دەكەن لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ بەغداد دەكرێت، حكومەتی عێراق ئاوڕێك لە كەسوكاری شەهیدانی هەرێم و زیندانیانی سیاسی بداتەوە.



AM:11:05:21/02/2018