بەرپرسێكی ئێرانی: فڕۆکەخانەکان بەمنزیکانە دەکرێنەوە

سەرکۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت " بەمنزیکانە فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەکرێنەوە".

 سەعدوڵڵا مەسعودیان ، سەرکۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی بە میدیاکارانی راگەیاند"تا ئەوجێگایەی من ئاگادارم لە هەر دوو لایەنی هەولێر و بەغداوە هەوڵی زۆر باش دراوە. هەموو قۆناخە تەکنیکییەکان بەرەو پێش چووە، من بیستوومە کە لە ماوەیەکی کورتدا فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکرێنەوە ، چونکە وەک دەگوترێ ناکۆکییەکان یا خاڵە جیاوازەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە رێگا ئاسمانی و وشکانییەکان بە باشی و بە خۆشی کۆتایی هاتوون. هیوادارم بەخێرایی فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە و ئێمەش بە فڕۆکە لە سلێمانییەوە بەرەو تاران بچین".

هەروەها سەرکۆنسوڵی ئێران لەسەر پەیوەندیەکانی ئێران و هەرێم و رەوشی گفتوگۆکانی نێوانیان لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریە کورتەدا وتی " پەیوەندییەکان هەر بەو پتەوییەی رابردووە و بەربڵاوتر و بەهێزتر و باشتر و تووندتر بووە و بەرەوپێش دەچێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، من زۆر خوشحاڵم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەبر و تاقەتە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و بەگوێرەی پێویست نەرمی دەنوێنێ و هاوئاهەنگی کردووە. من زۆر هیوام بە داهاتووی ئەم پەیوەندییانەی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە لە عێراق. کۆماری ئیسلامیش بە هەموو توانایەوە بۆ هێنانەدی ئارانی و سەقامگیریی هەرچی باشتر و خێراتر، لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکات". 

کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی باسی دیدارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد لە کۆنفرانسی میونشن و گوتی: "دوایین دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز زەریف لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمنی میونشن لە ئەڵمانیا هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو، باسوخواس و دانوستاندنی زۆر باشیان هەبوو، من زۆر هیوام پێیەتی".




PM:09:53:21/02/2018