کاوە محەمەد: لە پرسی فڕۆکەخانەکان، دەبێت سزا بۆ گەندەڵکاران بێت، نەک بۆ هاوڵاتیان

پەرلەمانتارێکی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتە کە لەپرسی فڕۆکەخانەکاندا "دەبێت سزا بۆ گەندەڵکاران بێت، نەک بۆ هاوڵاتیان".

لە نووسینێکدا کە بۆ سپی نێردراوە کاوە محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لەبارەی دێژکردنەوەی داخستنی فرۆکەخانەکانەوە، دەڵێت " دوێنێ (۲/۲٦) لەبارەی بڕیاری درێژکردنەوەی داخستنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بۆ (۳) مانگی دیکە، لەبەیاننامیەکدا رامانگەیاند کە ئەو بڕیارە ناعادیلانەیە و دەبوو دوای رازیبوونی حکومەتی هەرێم بە کۆنترۆلکردن و سەرپەرشتیکردنی فرۆکەخانەکان بە هاوبەشی لەلایەن هەردوو حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێمەوە، بەغدا رێوشوێنی پێویستی بگرتایەتە بەر تا چیتر ئەو دوو فرۆکەخانەیە نەبنە دەروازەی گەندەڵی بۆ حزبە دەستڕۆیشتووەکانی هەرێم و دواتر گەشتە نێودەوڵەتییەکان ئاسایی بکرانایەوە، بۆئەوەی سزاکە بۆ گەندەڵکاران بێت نەک هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە بەداخەوە بڕیاری داخستنەکە گەشتەکانیان دوورتر و پڕخەرجیتر دەکات".

کاوە محەمەد ئەوە دەخاتە روو " داوامانکرد کە حکومەتی عیراق بەو بڕیارەیدا بچێتەوە، بۆئەوەی چیتر هاووڵاتیان باجی سیاسەتی شکستخواردووی سیاسییە گەندەڵکارەکانی هەرێم نەدەن".



PM:06:05:28/02/2018