قائیمقامیەتی سلێمانی شوێنە گشتییەکان پابەند دەکات بە دانانی سیستمی کامێرای چاودێری

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە شوێنە گشتییەکان دەکات پابەندبن بە دانانی سیستمی كامێرای چاودێری لە ماوەیەکی دیاریکراودا.

ماڵپەڕی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لە کۆبوونەوەیەکدا و لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی پێویستە هەموو شوێنەکانی وەك "دوكان، ڕێستۆرانت، ماركێت، یانەكان،هۆتێلەکان" پابەندبن بە دانانی سیستمی كامێرایی چاودێری.

هەر لە هەواڵەکەدا هاتووە، ڕۆژانە لیژنەكان سەردانی شوێنە گشتییەكان دەكەن و هەر شوێنێك كامێرای چاودێری نەبێت پابەند دەكرێت بە دانانی، داوا لە هەموو ئەو شوێنانەش دەكات كە تا ئێستا سیستمەكەیان نییە لە ماوەیەكی دیاریكراودا كامێرای چاودێری دابنێن.

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەیان بەوەش داوە، بوونی كامێرای چاودێری هاوكاری هێزە ئەمنییەكانیش دەكات بۆ ئاشكراكردنی هەر ڕووداو و تاوانێك كە ڕووبدات، لەبەر گرنگی سیستمەكەش پێویستە هەموو ئەو شوێنانەی كە تا ئێستا سیستمەكەیان نییە لە ماوەیەكی دیاریكراودا پابەندبن بە دانانی كامێرای چاودێری.



PM:05:26:02/03/2018