وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەسەر پێدانی مووچە زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌فه‌رمیی وه‌ڵامی‌ حكومه‌تی‌ عیراق ده‌داته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ناردنی‌ موچه‌ له‌به‌غداوه‌، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئێمه‌ وه‌كو هه‌رێم هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌ عیراق ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كان بكات".

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە میدیاکانی پارتی راگەیاند"عیراق بڕیاریداوه‌ بڕێك پاره‌ ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم بكات، به‌ڵام به‌گوێره‌ی‌ خشته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی ئه‌و پاره‌یه‌ دابه‌شده‌كرێت بۆ نه‌ورۆز".
 
ئەو دەڵێت " ئه‌وان وه‌كو حكومه‌تی‌ هه‌رێم ته‌نها له‌مێدیاكانه‌وه‌ له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراقیان بیستوه‌ كه‌ پێش نه‌ورۆز موچه‌یه‌ك ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن".

وتیشی‌:"ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ش ده‌زانین ئه‌وه‌یه‌، بڕیاروایه‌ عیراق به‌ر له‌هاتنی‌ نه‌ورۆز بڕێك پاره‌ ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكات، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش كه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت به‌گوێره‌ی‌ خشته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی دابه‌شده‌كرێت".

له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و عیراقیش دزه‌یی ئاشكرایكرد، له‌دوو ڕۆژی‌ ڕابردوو گفتوگۆیه‌كی‌ زۆر جدی‌ هه‌بوه‌ له‌نێوان نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم و حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ڕێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌، وتاره‌كه‌ی‌ دوو شه‌وی‌ ڕابردوی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق و دیاریكردنی‌ واده‌یه‌ك بۆ ناردنی‌ موچه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و گفتوگۆ ته‌له‌فۆنیه‌ بوه‌.



AM:10:44:08/03/2018