سلێمانی.. چەند باندێکی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیران

چەند باندێکی دزیکردنی ئۆتۆمبێل لەشاری  سلێمانی دەستگیرکران و بەرێوەبەری پۆلیسی بەشی نەھێشتنی تاوانیش زانیاری لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات.

ئەمرۆ 9ی ئازاری 2018، موقەدەم ئەکرەم قادر بەرێوەبەری پۆلیسی بەشی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە دزینی چەند ئۆتۆمبێلێک لەناو شاری سلێمانی لیژنەیەکمان لە بەرێوەبەرێتی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی نەھێشتنی تاوان پێکھێنا بۆ بەدوادا چوون و توانیمان سێ باند دەستگیر بکەین.

وتیشی "باندەکان پێکھاتبوون لە شەش کەس و خەڵکانی دەرەوەی شاری سلێمانی بوون و روبەرووی دادگاکراونەتەوەو و دەست بەسەر ئوتۆمبێلەکانیشدا گیراون".

ئاماژەی بەوەشدا، دزینی ئۆتۆمبێل لەسلێمانی نەبۆتە دیاردەوەو تەنھا چەند حاڵەتێک تۆمارکراوەو توانراوە تاوانبارەکان دەستگیربکرێت و ئەو کەسانەشی کاری دزینی ئۆتۆمبێلەکانیان کردووە بۆ مەبەستی مادی بووەو ویستیانە بیانفرۆشنەوە.



PM:12:05:09/03/2018