ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، دوای ٤٩ رۆژ لە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەی توند، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی دەستیان بەسەر بەسەر شارۆچکەکانی جەندەریس و شەرا و ڕاجۆ و بلبلە و شێخ حەدید و ١١٤ گوند دا گرتووە، کە دەکاتە ٣٤%ی کۆی ژمارەی گوندەکانی کانتۆنی عەفرین.
روانگەی سوریا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات گەورەترین ئەو شوێنانەی کە سووپای تورکیاو هاوپەیمانەکانی دەستی بەسەردا گرتووە، شارۆچکەی جێندرسە.
هەروەها بەگوێرەی ڕوانگەی سوریا، شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان شەڕڤانان و سوپا و گروپە چەکدارەکانی ئەنقەرە، لە سنووری شارۆچکەی بلبلە و نزیک گوندی کەفر سەفرە ڕوودەدات.
بە هەمان شێوە سوپای تورکیا پێشڕەوی لە دوو گوند لە ناوچەی باکور و باکوری ڕۆژئاوای عەفرین کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دەستی بەسەر جەندەریسدا گرت.
ڕوانگەی سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، بەم پێشڕەوییە تازانەوە، تا ئێستا سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی، لە ماوەی حەوت هەفتەی هێرشەکانیدا، دەستیان بەسەر شارۆچکەکانی جەندەریس و شەرا و ڕاجۆ و بلبلە و شێخ حەدید و ١١٤ گوند دا گرتووە، کە دەکاتە ٣٤%ی کۆی ژمارەی گوندەکانی کانتۆنی عەفرین.