نوسینگەی عەبادی باس لە وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و ناردنی موچە دەکات

وتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند، وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی هەرێم نزیکبووەتەوە.

ڕۆژنامەی سەباحی فەرمیی عێراق، لەزاری سەعد حەدیسی ئاماژەی بەوەکردووە، دۆسیەکانی مووچە و نەوت و خاڵە سنوورییەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە.

ئاشکراشیکردووە، پرسی پەیوەست بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، دوای تەواوکردنی ڕێوشوێنەکان قەدەغەی سەر گەشتە نێودەوڵەتییەکان لادەبرێت.

ئەوەش دوای ئەوەدێت حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراقیش ڕایگەیاندبوو، پێش نەورۆز مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم خەرج دەکەن.



PM:06:50:10/03/2018