لەبارەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی ڕوونکردنەوە دەدرێت

وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەی راگەیەندراوێكی لەبارەی دەنگۆی گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" د. بەرهەم سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە و لەم سەنگەرەدا درێژە بە خەبات و تێكۆشانی خۆی دەدات".

وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە "د. بەرهەم لەناو یەكێتی كێشەی شەخسی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەبووە، بەڵكو  ناكۆك بووە و ناكۆكە لەگەڵ ئاڕاستەی سیاسی و حوكمڕانی ئێستای یەكێتی".

دەقی روونكردنەوەكە:

سەبارەت بەدەنگۆی گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە پێویستی دەزانین ئەم ڕاستیانە ڕونبكەینەوە بۆ ڕای گشتی:

۱ ـ  د. بەرهەم نزیك بە 40 ساڵ خەباتی لەڕیزەكانی یەكیتی كردووە. بۆ بەڕێزیان و هاودیدەكانی، تیكۆشەرە دڵسۆزەكانی یەكێتی وپێشمەرگە دلێرەكان و شەهیدە نەمرەكان وجەنابی مامجەلال، مایەی ڕێز وپێزانینی گەورەن.

۲ ـ د. بەرهەم لەناو یەكێتی كێشەی شەخسی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەبووە، بەڵكو  ناكۆك بووە و ناكۆكە لەگەڵ ئاڕاستەی سیاسی و حوكمڕانی ئێستای یەكێتی.

۳ ـ سەراڕەی هەوڵی زۆرێك لە سەركردایەتی و بڕیاڕبەدەستانی یەكێتی بۆ گێڕانەوەی د. بەرهەم بۆ نێوڕیزەكانی، و تەنانەت بە زامنكردنی پۆست وپێگەی ((گەورە))شەوە، بەڵام بەڕێزیان بەردەوام جەختی كردووتەوە كە بە عەیب وشەرمی دەزانێت لە كاتێكدا ئەم گەلە لە میحنەتی هەژاری وبێدادی وبێ مووچەییدا دەژین، ئەو بێت سازش بۆ ئیمتیاز  وپلە وپۆست بكات.

٤ ـ  لەڕوانگەی  هاوپەیمانی چارەسەر بریتیە لە كردەی چاكسازی بنەڕەتی لە سیستەمی حوكمڕانی وگێڕانەوەی داهاتی وڵات بۆ خەڵك وبەرقەراربوونی دادپەروەری وحوكمڕانی باش. لەم پێناوەشدا، د. بەرهەم وهاودیدانی خاوەن بەرنامەی چاكسازی بنەڕەتین بۆ چارەسەركردنی قەیرانە سیاسی و ئابوریەكانی كوردستان، ولەپێناو ڕزگاركردنی هاوڵاتیان لە زەلیلكردن وبێدادی وهەژاری و بۆ پاراستنی كەرامەتیان.

٥ ـ د. بەرهەم سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ودادپەروەرییە ولەم سەنگەرەدا درێژە بە خەبات و تیكۆشانی خۆی دەدات، لەپیناو بەدیهێنانی دادپەروەری وئامانجەكانی هاوڵاتیانی كوردستان، لە دابینكردنی ژیانێكی شایستە وگێڕانەوەی مافی بەناهەق خوراویان.لەم ڕوەوە هەڵوێستی د. بەرهەم و هاوپەیمانی لەگەڵ هەر هێز ولایەنێك بەندە بەم پرینسیپ و بەرنامەیەوە.



PM:04:39:11/03/2018