وه‌زیری دارایی دڵنیایی ده‌داته‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم

وه‌زیری دارایی دڵنیایی ده‌داته‌ سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی هه‌رێم و دەڵێت "كارئاسانی بۆ لیژنه‌كانی به‌غدا ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكرێت".

رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌كاتی پێشوازی له‌ وه‌فده‌ باڵاكه‌ی حكومه‌تی عیراق، رایگه‌یاند " سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدایه‌ كه‌ ره‌هه‌ندی داراییان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت باج و گومرگ و بانكه‌كان".

ڕاشیگەیاند "موچه‌خۆرانی هه‌رێم دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ گرفتێك بۆ لیژنه‌كانی به‌غدا دروستنه‌كراوه‌و هیچمان لێیان نه‌شاردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناو چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی نێوانمان و ئاسانكاری بۆ ره‌وانه‌كردنی موچه‌".

ئەوەشی خستەڕوو نێچیرڤان بارزانی له‌میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، داوای لێكردووه‌، تا چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، سلفه‌یه‌ك بنێرێت به‌مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی موچه‌، له‌وه‌ڵامدا عه‌بادی به‌ڵێنی داوه‌ ئه‌و كاره‌ بكات.

وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ماوه‌ی رابردوو چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی فه‌رعیمان له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كانی عیراق كردووه‌، كه‌ تێبینییان له‌سه‌ر سیستمی باج و گرمرگ و بانكه‌كان هه‌یه‌، وتیشی "ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ له‌لای ئێمه‌وه‌ بێت، ئاماده‌ین بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستورو یاسا كارپێكراوه‌كانی عیراق".

رێباز حه‌ملان ئاشكراشیكرد، زۆرێك له‌ یاساكانی عیراق، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان یاسای دیكه‌مان ده‌ركردووه‌، كه‌ له‌ویانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یاساكانی عیراق یه‌كنه‌گرێته‌وه‌.



PM:09:07:11/03/2018