عەبادی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان ڕادەگەیەنێت

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان ڕادەگەیەنێت.

بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سپی میدیای ڕاگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا، کە هەموو سێشەممەیەک ئەنجامی دەدات، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق وادەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم ڕابگەیەنێت.

وتیشی کە بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی هەرێم لەگەڵ بەغدا کردوویەتی بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر بکرێنەوە.

ئەمە لە کاتێکدا دێت کە ئەمڕۆ وەفدێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێم و زیاتر لە ١٠٠ ئەفسەری پلەباڵای هەرێم بەشداری کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقدا، کە پێشبینی دەکرێت عەبادی ئامادەی بێت.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە بە هۆی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەوە، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر ڕاگیرا.



AM:10:57:13/03/2018