کانتۆنی عەفرین: شێوازی بەرگریمان گۆڕیوە

کانتۆنی عەفرین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە شەڕڤانان لە عەفرین نەکشاونەتەوە، بەڵکو تەنیا هاووڵاتیانی سڤیلیان لەشارەکە بردوەتە دەرەوە، چونکە بەرگری شەڕڤانان لە عەفرین چوەتە قۆناغێکی نوێوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، بەرگری لە بەرامبەر تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئەمڕۆ چووە رۆژی 58ەوە، هێرشی تورکیا بۆ سوریا بە ڕێککەوتن لەگەڵ روسیا کراوە و روسیا ئاسمانی بۆ فڕۆکەکانی تورکیا واڵاکردوە بۆ ئەوەی گەلی کورد قڕبکەن و جارێکی تریش گەلی کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی لەسوریا.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهۆی بێدەنگی نێودەوڵەتی هاوپەیمانان، یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، عەفرین توشی پاکتاوی رەگەزیی و ئاوارەبوون دەبێت، سەدان هاووڵاتی سڤیل بونەتە قوربانی هێرشەکان، لەکاتێکدا ئەم هێزە جیهانییانە ئەرکە مرۆیی و سیاسییەکانیان بەجێناهێنن، لەکاتێکدا شەڕڤانەکانی ئێمە بوون لەبری جیهان شەڕی داعش و ئەردۆغانیان دەکرد کە ئەردۆغانیش هاوکاری تیرۆرستانی دەکرد.

باس لەوەشکراوە "لەماوەی 58 رۆژدا دژی دووەم بەهێزترین سوپای تورکیا بەرگریمان کرد، بەڵام لەماوەی دوو رۆژی رابردودا سوپای تورکیا 56 ژن و منداڵی کوشت و زۆر دڕندانە هاووڵاتیانی سڤیلی دەکردە ئامانج، بۆ ئەوەی کارەساتی مرۆیی گەورە  روونەدات بڕیارماندا هاووڵاتیانی سڤیل لەشارەکە دەربکەین  و ئێستاش شێوازی بەرگریمان گۆڕیوە".

ئاماژەبەوەشکراوە "جەنگمان دژی داگیرکارییەکەی تورکیا بەردەوامە و چووینەتە قۆناغێکی نوێوە و هێزەکانمان لە گشت ناوچەیەکی عەفریندا بوونیان هەیە و کابوسن بۆ تورکیا و هاوپەیمانەکانی، بەردەوامیش دەبن تا بست بە بستی خاکی عەفرین رزگاردەکەین و هاووڵاتیان دەگەڕێینەوە شوێنەکانی خۆیان".

ئەوەش راگەیەنراوە "سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە هاوکارمان بوون و پشتگیرییان کردوین، داواکاریشین نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی داگیرکارییەکەی تورکیا بێنە دەنگ و قڕکردنی بەکۆمەڵی گەلەکەمان لەلایەن تورکیاوە رابگرن".

لەسەرەتای هێرشی تورکیاوە بۆ سەر عەفرین 500 هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون کە لەنێویاندا منال، ژن و پیر هەن، زیاتر لە 1000 هاووڵاتیش بریندارن و 820 شەڕڤانیش شەهیدبوون.



PM:07:26:18/03/2018