فڕاکسیۆنی یەکێتی ئیدانەی بۆردومانی تورکیا دەکات

فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق، لەسەر بۆردوومانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان هاتە دەنگ و داوا لەحكومەتی عیراق‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتیش دەكات لەئاست بەزاندنی سنور‌و سەروەری خاكی عیراق ‌و هەرێمی كوردستان بێنە دەنگ.

لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە "کاتژمێر ۱ی شەوی رابردوو، جارێكی تر فڕۆكە جەنگیەكانی دەوڵەتی توركیا، ئاسمانی عیراق-یان بەزاندوەو بۆردومانی گوندەكانی دۆڵی باڵەیانیان لە قەزای چۆمانی سەر بەپارێزگای هەولێر كردوەو لەگوندی سەركان چوار هاووڵاتی مەدەنی بێگۆناهیان شەهیدكردووە، كە خەریكی ژیانی ئاسایی خۆیان‌و پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز بوون‌و زیانی ماددی زۆریش بەر جووتیارانی سنورەكە كەوتووە".

فراكسیۆنی یەكێتی وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدەكان دەكات و داوا دەکات حكومەتی عیراق‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەئاست بەزاندنی سنور‌و سەروەری خاكی عیراق ‌و هەرێمی كوردستان بێنە دەنگ ‌و "سنورێك بۆ ئەمجۆرە پەلامارانەی دەوڵەتی توركیا دابنێن، لەهەمان كاتدا پێویستە دەوڵەتی توركیا قەرەبووی ماددی‌و مەعنەوی هاووڵاتیانی زیانلێكەوتوو بكاتەوە".



PM:02:48:22/03/2018