بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى هەولێر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەنگۆى بایکۆتى خوێندن لەلایەن مامۆستایانى شارەکەوە ڕەتدەکاتەوە.
لەبەیاننامەکەدا بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى هەولێر ئاشکرایدەکات، ئەو دەنگۆیانەى لە هەندێ دەزگای ڕاگەیاندن و بە مەبەست سەبارەت بە بایکۆتی خوێندن لە پارێزگاى هەولێر بڵاو دەبنەوە، بە هەموو جۆرێک دوورن لە ڕاستییەوە و ئەو یەک مانگەی کە لە خوێندن ماوە، مامۆستایان وەک پێشتر بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن و وانەگوتنەوە.
پەروەردەى هەولێر ئەوەش ڕادەگەیەنێت، ئێمە لاى خۆشمانەوە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەى حکومەتى هەرێم و بە پێى بارى دارایی، داکۆکى لە ماف و شایستە داراییەکانى مامۆستایان بکەین.
ئەوەش لەکاتێکدایە مامۆستایانى ناڕازى لە هەولێر ئەمڕۆ ڕایانگەیاند، سبەى یەکشەممە بایکوتی دەوام دەکەم لەشارەکە و کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک لەبەردەم پارکی شانەدەر بە ڕێپێوانێکی هێمنانە دەچنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێشکەشکردنی یاداشت و داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئەنجومەنی وەزیران .
بڕیارە سبەینێ مامۆستایانی ناڕازی لە هەرسێ پارێزگاری هەرێمی کوردستان دژی سیستمی پاشەکەوتی موچە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و هەر ئەمڕۆش سەندیکای پزیشکانی کوردستانیش ماوەی ٧٢ کاتژمێری دایە هەرێم بۆ دابەشکردنی موچەکانیان بەتەواوی، بە پێچەوانەوە وەک خۆیان دەڵێن بایکۆت دەکەن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەن.