برایەكی سەردەشت عوسمان ووردەكاری دەستگیركردنەكەی بۆ "سپی" دەگێڕێتەوە

بەشدار عوسمان، برای سەردشت عوسمانی شەهیدی قەڵم ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی هەولێرەوە لەناو خۆپیشاندەراندا دەستگیركرا و چۆنێتی دەستگیركردنەكەی بۆ "سپی" دەگێڕێتەوە.

بەشدار عوسمان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و ژمارەیەكی زۆر لە چین و توێژەكانی هەولێر و تەنانەت كاسبكارانیش بە ئامانجی وەستانەوە دژی بڕیاری سیستمی پاشەكەوتی موچە و ڕێككەوتنی ژێر بەژێری عەبادی و حكومەتی هەرێم خۆپیشاندانمان ئەنجامدا".

بەشدار وتی ئامانجی ئێمە ئەوەبوو بچینە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و ناڕەزایەتیەكانمان بەشێوەیەكی شارستانیانە دەرببڕین بەڵام "بەداخەوە سەرجەم ئەو ڕێگەیانەی كە دەچنەوە سەر پەرلەمانی كوردستان بە هێزی ئەمنی جیاواز گیرابوون و ژمارەیەكی زۆری چەكداریش بە جلی مەدەنیەوە بڵاوەیان پێكرابوو".

بەشدار كە برای شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمانە وەك خۆی باسی لێوە دەكات بۆ ماوەی دوو كاتژمێر گەمارۆدراون بە ئامانجی ئەوەی كۆتایی بە خۆپیشاندانەكەیان بهێنرێت، بەڵام بەهۆی نەچوونەتە ژێر باری داواكاری هێزە ئەمنیەكان دەستگیركراون.

بەشدار كە ماوەی یەك كاتژمێر لە ئاسایشی هەولێر دەستگیراوە بە "سپی" ڕاگەیاند كە "هێزە ئەمنیەكان لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆ بیڕێزی زۆریان بە خۆپیشاندەران كردووە و بە دار و قۆناغە تفەنگ لە خەڵكیان داوە و خەڵكیان ئەشكەنجەداوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە میدیاكانی پارتی ڕاگەیاندووە "كەس ئازار نەدراوە و ئێمە كارمان دابینكردنی ئەمن و ئاسایشە ئەوانەشی خۆپیشاندان دەكەن مامۆستا نین و چەند حزبێكن".




PM:02:57:26/03/2018