٢٠ هەزار چەكدار بەجلی سەربازی و مەدەنیەوە لە هەولێر و دهۆك بڵاوەیان پێكرا

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان زانیاری لەبارەیدۆخی پارێزگاكانی ھەولێرو دھۆك ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، "زیاتر لە ٢٠ ھەزار چەكدارو ھێزی ئەمنی ھێنراونەتە ناو شارو شارۆچكەكان بەجلوبەرگی سەربازیی و مەدەنیەوە بڵاوەیان پێكراوە".

سۆران عومەر، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە ئاڕاستەی ئۆفیسی یۆنامی و كونسوڵگەری وڵاتان لەھەرێمی كوردستان كراوە، زانیاریی سەبارەت بەڕەوشی ئەمنیی پارێزگاكانی ھەرێم و خۆپیشاندانەكان ئاشكرادەكات.

لەو ڕاگەیەنراوەدا سۆران عومەر ئاشكرایكردوە، "لەبەرامبەر خۆپیشاندانەكان لەھەولێرو دھۆك، ھێزێكی ئەمنی دیاریكراو كە سەر بەئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستانە، بەجلوبەرگی مەدەنی و بەدەمانچەو بەشەق پەلاماری خۆپیشاندەران دەدرێت و ھاوكات چەندین خۆپیشاندەرو ڕۆژنامەنوسیش دەستگیركراون".

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ ئەوەشی ئاشكراكردوە، "لەماوەی سێ ڕۆژی خۆپیشاندانەكان لەھەولێرو دھۆك زیاتر لە ٢٠ ھەزار چەكدارو ھێزی ئەمنی ھێنراونەتە ناوشارو شارۆچكەكان بەجلوبەرگی سەربازی مەدەنی، ڕێگری تەواو دەكرێت لەگردبونەوەو دەربڕینی ناڕەزایی مەدەنیانە بەزەبری ھێزو تۆقاندن".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیكردۆتەوە لەسەرئەوەی، "ئێستا بارێكی ئەمنیی نائاسایی بەسەر شاری ھەولێرو دھۆكدا سەپێندراوەو پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ ڕوو لەھەڵكشانە بەجۆرێك پەرلەمانتاری كوردستان و عیراق لێیاندراوەو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەستگیركراوە".

ئەوەشی نوسیوە "ھاوكات تا نوسینی ئەم بەیاننامەیە، لەسنوری سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین، خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەكانن و لەلایەن ھێزی ئەمنیەوە دەپارێزرێن و ھیچ پێشێلكاریەك بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامنەدراوە، ئەمەش جێی دەستخۆشیە".

لەو ڕوەشەوە داوای فشاری نەتەوەیەكگرتوەكان و نوێنەرایەتی وڵاتان دەكات و جەختدەكاتەوە لەسەرئەوەی، "چاوەڕوانی فشارتانین لەسەر حكومەتی ھەرێم".



PM:01:29:27/03/2018