بەرپرسێکی قەوارەکەی بەرهەم ساڵح وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوە

بەرپرسی دامەزراوەی میدیایی خەندان وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوەو دەڵێت ئەمە "شەڕی كۆنەقین و شەڕی بەوەكالەت لەگەڵ دكتۆر بەرهەم دەكات".

سلێمان عەبدوڵا یونس، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی مەلا بەختیار ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەداتەوەو دەڵێت "مەلا بەختیار شەڕی كۆنەقین و شەڕی بەوەكالەت لەگەڵ دكتۆر بەرهەم دەكات و ئێمە لە هاوپەیمانی نابینە پەرچەكرداری پیاوێكی لەو چەشنە".

بەرپرسی دامەزراوەی میدیایی خەندان ،ئاماژەی بەوەشكردووە، "بێگومان سەردەمی چەواشەكاری بەسەرچووەو زۆرداری ستەمی ئەم جۆرە لە سیاسی كلاسیك كۆتایی پێدێت، ئەمە ترسە لە حوكمی رەشید لە دادپەروەری و دیموكراسییەتی راستەقینە، لە دەركەوتنی ئەو هێزە تازەیەی خەڵك خەونی لەسەر هەڵچنیوە، ئەمە دادی ئەم جۆرە سیاسیانەی كوردستان نادات و ئامانجی ئەم هەڵمەتەی مەلا بەختیار بریتییە لەوەی ئێمە راكێشێتە ناو شەڕی دژایەتیكردنی یەكێتی و رابردووی پیرۆزی یەكێتی، بەڵام ئێمە بەچاوی رێزەوە دەڕوانینە یەكێتی ئەوەشی یەكێتی بەم رۆژگارە گەیاندوە مەلا بەختیار و هاوچەشنەكانین كە پاشكۆی ئەم و ئەون".

بەوتەی سلێمان عەبدوڵا یونس، مەلا بەختیار دەیەوێت هاوپەیمانی رابكێشێتە نێو شەڕێكەوە كە بە شەڕی خۆیانی نازانن، بەڵكو شەڕی ئەوان "شەڕی مووچەو بژێوی و داهاتی میللەت و شەڕی دز و گەندەڵ و هەموو ئەو دنیا ناشرینەیە كە سەركردە كلاسیكییەكانی وەكو مەلا بەختیار لە مێژووی دور و نزیكدا بونیادیان ناوە، كە مەلا بەختیار ئەو شەڕە لە بری نوخبەیەكی دەسەڵاتدار دەكات، كە بەرژەوەندی مافیاییان لە كوردستاندا هەیەو دەیانەوێت ئەم حوكمڕانییە زۆردارییە تا قیامەت بەردەوام بێت".

وتیشی، "زۆرێك لە سەركردایەتی یەكێتی، ئەنجومەنی ناوەند، كادرە تێكۆشەرە دیارەكانی ناو یەكێتی داوای گۆڕینی ئەم چەشنە لە مەكتەب سیاسی-یان كردووە كە مەلا بەختیار پێشەنگی ئەم چەشنەیە".

لەبارەی ئەوەی مەلا بەختیار، د. بەرهەم ساڵح-ی تۆمەتبار كردووە بەوەی لەگەندەڵیەوە گلاوە، سلێمان عەبدوڵا یونس وتی، "ئەوە جگە لە بوختان و ئەو چەواشەكارییەی كە ماوەیەكە درێژەی هەیە، هیچی دیكە نیە بە بەڵگەو دۆكۆمێنت و بە لۆژیك و دور لە زمانی تەشهیر و تەخوین كە مەلا بەختیار پەنای بۆ بردووە وەڵامی دەدەینەوەو راستیەكان بۆ رایگشتی روندەكەینەوە، جگەلەوەش سیڤی دكتۆر بەرهەم سیڤیەكی زێڕینە لە حوكمڕانیدا و سیڤی ئاوەدانكردنەوەیەو دەستی ئاوەدانی دكتۆر بەرهەم لە هەرشێونێك كوردستان دیارەو بە مەلا بەختیار چڵكن ناكرێت".

دوێنێ لە وتارێکدا مەلا بەختیار هێرش دەکاتە سەر بەرهەم ساڵح و ئەو وتارە لە ماڵپەڕی چاودێر و ماڵپەڕەکانی یەکێتی بلآوکرایەوە، ئەمڕۆش بەرپرسیکی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری وەلآمی دایەوە.





AM:12:03:28/03/2018