تەندروستی سلێمانی داوا لە کارمەندانی ژمارەیەک نەخۆشخانە دەکات بگەڕێنەوە بۆ دەوام و بەپێچەوانەشەوە لێپرسینەوەیان لێدەکرێت.
عەبدوڵا گۆران، سکرتێری ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لە سبەینێوە دەبێت کامەندان بگەڕێنەوە سەر کارەکان بەتایبەت بەڕێوەبەر و بەڕێوەبری ئیداری و لێپرسراوی بەشەکان".
ناوبراو وتیشی "داوا لە بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری بەشەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خێرا و نەخۆشخانەی هەناوی و انعاش و مناڵبوون و منداڵان و نەخۆشخانەی هیوا دەکەین بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان بەپێچەوانەوە کەسانی دیکە لەشوێنیان دادەنرێت".
سکرتێری ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە بە وردی چاودێری بەڵێنەکانی حکومەت دەکەن و ئەگەر بەڵێنەکان جێبەجێ نەکەن "ئێمەش بایکۆت ڕادەگەیەنین بەڵام پێویستە ماوەیەک بدرێت بە حکومەت تا بڕیارەکە جێبەجێ بکات".
ئەوەش لەکاتێکدایە مامۆستایان و تەندروستکارانی سلێمانى و زۆرینەى ناوچەکانى ترى هەرێم هاوشان لەگەڵ فەرمانبەران ماوەى چەند ڕۆژێکە دژ بە سیستمى پاشەکەوتى موچە دەستیان بە خۆپیشاندانى ناڕەزایەتى کردووەو داواى لابردنى یەکجارى پاشەکەوتى موچە دەکەن.