وتەبێژی یەكێتی ڕای فەرمی یەكێتی لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە ڕاگەیاند

وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی پشتیوانی بۆ داواكانی خۆپیشاندەران دەربڕی و ڕەتیشی كردەوە "فشار لەخۆپیشاندەران بكات بۆ شكاندنی بایكۆت".

ئەمڕۆ 1ی‌ نیسانی‌ 2018 كۆبونەوەی‌ مەكتەبی‌ سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان بەڕێوەچوو و سەعدی پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەكۆبونەوەكەدا دۆخی سیاسی هەرێم و عیراق تاووتوێكرا، چونكە پێشتر هەردولا لەبارودۆخێكی خراپ تێپەڕیون لەوانە، دابەزینی نرخی نەوت، كەمبونەوەی داهات، دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش و دواتر دروستبونی ناكۆكی لەنێوان هەرێم و بەغدادا".

ناوبراو ڕاشیگەیاند، بەشێكی دیكەی‌ كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی تایبەتبوو بەپرسی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عیراق و دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەو جەختكرایەوە كە دوربكەوینەوە لەبەكارهێنانی وشەی برینداركەرو زبر لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا، "ئەمە جگەلەوەی هەمولایەك دۆخی ئەمنی هەرێم بپارێزن و هەموان بەبەرپرسیارێتییەوە بڕوانێتە پرسەكان".

سەبارەت كێشەكانی‌ توركیا لەگەڵ سلێمانی‌ وتەبێژی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتیی وتی‌ "پرسی دەستپێنەكردنەوەی گەشتی ئاسمانیی نێوان توركیاو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی یەكێكبوو لەتەوەرەكان، پێمانوایە ئەگەر ئەو سزایە لەئەنجامی وەفاو پاڵپشتیكردنی یەكێتییە لەپرسێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی، ئەوە شانازی پێوەدەكەین".

لەبارەی خۆپیشاندانی فەرمانبەرانەوە، سەعدی پیرە وتی "یەكێتیی پشتیوانی لەخۆپیشاندانی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران دەكەین و داواكارین حكومەت هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان".

وتەبێژەكەی یەكێتیی ڕەتیشیكردەوە، "یەكێتیی فشار لەخۆپیشاندەران بكات بۆ شكاندنی بایكۆت، بەهیچ شێوەیەكیش نابێت لایەنێك خۆی بكات بەخاوەنی خۆپیشاندانەكان".





PM:01:59:01/04/2018