پەروەردەی هەولێر وادەی دابەشکردنی موچە ئاشکرادەکات

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر سوپاسی حکومەت دەکات لە بەرامبەر کەمکردنەوەی پاشەکەوتی موچە و ڕایگەیاند، وەزیری دارایی ئەمڕۆ پێی وتوون کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە سیستمی نوێ موچەیان بەسەردا دابەشدەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، پەروەردەی هەولێر دەڵێت "بە پێویستی دەزانین سوپاسی دڵسۆزی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە گۆڕانكاری و پێداچوونەوەی لەسەر موچە و پاشەكەوت كرد و هەنگاوێكی دڵخۆشكەرانەیە و هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی پێی ڕاگەیاندین كە لەم هەفتەیەدا موچە بە سیستمی نوێ لە چەند ڕۆژی داهاتوو دابەشدەكرێت".

ئەوەشی وتووە "خۆپیشاندان و داواى مافی مامۆستا و فەرمانبەران ڕەوایە و ئێمە پشتگیری دەکەین، هەڵبەتە داخستنى دەرگای قوتابخانە پێچەوانەى هەموو یاساکانە و هەر بەپێى یاسا هیچ کەس و لایەنێک بۆى نییە ئەم بڕیارە ترسناکە بدات".

ڕاشیگەیاندووە، نابێت مامۆستایان و فەرمانبەران بە قسەی هەندێک بخەڵەتێن چونکە ئەو کەسانەى ئەمڕۆ بەم شێوازە هەڵسوکەوت دەکەن وەزیرى حزبەکانیان لە کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزیران بەشداری بڕیارى پاشەکەوتى مووچەیان کردووە.

ئەوەش لەکاتێدایە، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە زۆرێک لە شارەکانی هەرێم بەردەوام بوو، هەروەها وەزیری داراییش داوای لە وەزارەتەکان کرد لیستی موچە ئامادە بکەن.



PM:03:24:01/04/2018