خۆپیشاندانی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی دەستیپێکردەوە

بەیانی ئەمڕۆ ٣ ی نیسان جارێکی تر مامۆستایانی ناڕازی لەبەردەم دادگای سلێمانی، کارمەندانی تەندروستیش سەرلەنوێ لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوەو درێژەیان بە بایکۆتکردن دا.

هەرچەندە شەوی رابردوو مامۆستایانی ناڕازی خێمەکانیان لەبەردەم دادگا هەڵگرت، بەلآم ئەمڕۆ سەرلەنوێ لەهەمان شوێن دەستیان بەخۆپیشاندان کردەوە، وەک خۆیان رایانگەیاند شێوازی خۆپیشاندانەکان دەگۆڕن و بڕیارە بگەڕێنەوە بە بەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی.

لەلایەکی تریشەوە سەرباری ئەوەی کە هێزێکی زۆری ئەمنی لە دەوری نەخۆشخانەی فریاکەوتن کۆبۆتەوە، بەلآم خۆپیشاندان درێژەی هەیە.

خۆپیشاندەرانی کارمەندانی تەندروستی ئەمڕۆ ١٤ رۆژە دەوامیان لە نەخۆشخانەکان بایکۆتیان کردووەو بەردەوامن لە خۆپیشاندان، هەرچی مامۆستایانیشە لە ١٥ کانوونی دووەمەوە دەستیان بە بایکۆتکردن کردووە، دوێنێ سەرباری داوای پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کە بایکۆت بشکێنن، بەلآم داواکانیان جێیان نەگرت و خۆپیشاندەران بەردەوامن لەسەر چالاکیەکانیان.



AM:10:28:03/04/2018