میدیاکانی تورکیا: ئەمریکا دوو بنکەی سەربازی لە منبج دروست دەکات

ئاژانسی هه‌واڵی‌ ئانادۆڵی نیمچە فەرمی تورکیا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا دەسـتیانکردووە بە بنیادنانی 2 بنکەی سەربازی لە نزیک شاری مەنبج و دەشڵێت "چەند ڕۆژێکە ئەمەریکا هێزی زیاتری بۆ ئەو شارە ناردووە".

ئاژانسی هه‌واڵی‌ ئانادۆڵی نیمچە فەرمی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، بەپێی زانیاری لە سەرچاوەی بڕواپـێکراوەوە، هێزەکانی ئەمەریکا دەستیانکردووە بە فراوانکردنی شوێنی 2 خاڵی چاودێری لە دەوروبەری گوندی ئەلدادات کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە باکوری شاری مەنبجەوە دورە. دەڵێت یەک لە خاڵەکان نزیکەی 8 کیلۆمەتر دورە لە ڕووباری ساجوری نێوان هێزەکانی قەڵغانی فوراتی تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات. خاڵەکەی دیکە لە نزیک کێڵگەی نەعیمەیە کە 4 کیلۆمەتر لە هێزەکانی قەڵغانی فوراتەوە دورە.

سەرچاوەکە وتوشیەتی كه‌ هێزەکانی ئەمەریکا دەسـتیانکردووە بە ناردنی کەرەستەی بیناسازی و ئامێری قورس بۆ ناوچەکە تاوەکو دەستبکەن بە بنیادنانی هەردوو بنکەکە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەمەریکا هێزی زیاتری بۆ مەنبج ناردووە و زیاتر چاودێری ناوچەی نێوان هەردوو هێزەکە دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمشەو سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.



PM:09:40:03/04/2018