نەجمەدین كەریم هەرێمی كوردستانی جێهێشت

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك كوردستانی بەجێهێشت و لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیایە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیەند نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك كۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە كوردستانی بەجێهێشتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكراكرد نەجمەدین كەریم بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكەوتووە و لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیایە، بەڵام "نازانرێت كە لەو وڵاتە دەمێنێتەوە یان دەگەڕێتەوە ئەمریكا".

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركوكی بەجێهێشتووە و لە هەولێر نیشتەجێبوو و تا كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمیش نەیتوانیوە سەفەربكات.

نەجمەدین كەریم، لەلایەن بەغداوە لەسەر چەند پرسێكی "دارایی و ئیداری و بەهەدەردانی پارەی گشتی" لەلایەن حكومەتی عێراقەوە و بە بڕیاری دادگا داواكراو بو، هاوكات لە كۆبوونەوەی مانگی ڕابردووی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش بە ئەندامی مەكتەبی سياسی هەڵنەژێردرایەوە و ماڵەكەشی لە نزیك شاری جوان لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە



AM:11:27:04/04/2018