قایمقامیەتی سلێمانی گۆشت فرۆشەكان ئاگاداردەکاتەوە

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامی قەزای سلێمانی ئاگاداری گۆشتفرۆشان دەکاتەوە فرۆشتنی گۆشتی بەستوو بە نرخی خۆماڵی رێگە پێنەدراوە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامی قەزای سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند " فرۆشتنی گۆشتی بەستوو (هاوردەكراو) لەلایەن دوكانی گۆشتفرۆشە فرێشەكانەوە بەپێی رێنماییە ڤێتەرنەریەكان رێگە پێنەدراوە".

ئاماژەی بەوەشدا "بەهۆی بەستن و خاوبوونەوەی، گۆشتە هاوردەكراوەكە دەبێتە هەڵگری جۆرەها میكرۆبی زیانبەخش بۆیە پێویستە تا ئەوكاتەی بۆ خواردن خاودەكرێتەوە لە بەفرگە عەمبار بكرێت، ئەو بڕەشی زیادە و خاوكراوەتەوە نابێت دووبارە بەكاربهێنرێت ".

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە " ئەنجامدانی فێڵی بازرگانی لە هاوڵاتیان و بەكارهێنەران یاسای تایبەتی بۆ دیاریكراوە و سەرپێچیكاری پێ سزادەدرێت كە لە بڕێك غرامەی ماددیەوە دەست پێدەكات و بەداخستنی شوێن و دەست بەسەركردنی خاوەنەكەی كۆتایی پێدێت، پاش ئەوەی دادگا بڕیاری لێدەدات ".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دوكانی گۆشتفرۆشی دووبرا دادەخرێت، ئەو بڕە گۆشتەی دەستی بەسەردا گیراوە لەناو دەبرێت و خاوەنەكەی رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.



PM:01:06:05/04/2018