یەکێتی مامۆستایان چەند بڕیارێک تایبەت بە موچە و خۆپیشاندانەکان دەردەکات

ئەنجومەنی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایان لەشاری هەولێر كۆبونەوە و جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت، دەبێت پاشەكەوتی مووچە هەڵوەشێتەوە و مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی.

ئەمرۆ شەممە 7ی 4ی 2018 عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەتەوە و وەكو مامۆستایانی یەكگرتوو بە تایبەتی و وەكو لیستی هاوبەش بەگشتی توانیمان چەند بڕیارێكی گرنگ لە ئەنجومەنی تەنفیزی تێ پەڕێینین و ببن بە بڕیاری هەموو یەكێتی مامۆستایان.

بڕیارەكان بریتین لە:

1-  پێداگری لە سەرهەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە و كردنەوەی حساب بانكی و گێڕانەوەی مافەكان.

2- ئیدانەی هەموو توندو تیژیەكان بەرامبەر بەمامۆستایان، ئامادەكاری تەواو بكرێت لەڕووی یاساییەوە تا ئامادەكردنی پارێزەر بۆ هەر سكاڵاكارێك و بردنە كەیسە پێشیلكارییەكان بۆ دادگا.

3- ئامادەكردنی پرۆژەیەك و ئاراستەكردنی بۆ وەزارەت، تامامۆستایانی گرێبەست بكرێنە دامەزراوی هەمیشەیی و فەرمی، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژیش گرێبەستیان لەگەڵدا بكرێ.

4- ئامادەكردنی پرۆژەیەك بەناوی (پارێزبەندی یاسایی) بۆ مامۆستایان و ئاراستەكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان.

5ـ ڕاسپاردنی لقەكان بەكاركردن بۆ سڕینەوەی هەرسزاو غیاباتێك بەرامبەر مامۆستایان كرابێ لەماوەی خۆپیشاندانەكان



PM:09:27:07/04/2018